هەرێمی کوردستان.. ئەمڕۆ قەدەغەی ڕاوەماسیی کۆتایی دێت

دوای سێ مانگ لە قەدەغەی ڕاوەماسی سبەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان وەرزی ڕاوکردنی ماسی دەست پێدەکاتەوە، لە سێ مانگی ڕابردوو ژمارەیەک ڕاوچی لەسەر ڕاوکردنی ماسی بە نایاسایی دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا.
بێستوون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی قەدەغەی ڕاوەماسییە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و سبەی شەممە، ڕاوکردن دەستپێدەکاتەوە.
بێستوون نەجمەدین گوتی: لە 20ـی ئاداری ئەمساڵەوە وەرزی قەدەغەی ڕاماسی ڕاگەیەنرا و سێ مانگ ڕاوکردن بەهەموو جۆرەکانی قەدەغەکرابوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کەسانێک هەبوون بە نایاسایی ماسیان ڕاوکردووە، ژمارەیەکیان دەستگیرکراون و تەنانەت کەیسەکانیان بە دادگا دراون.
هەروەها دەربارەی قەدەغەی ڕاوەماسی، فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی ڕاوەماسی تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 65 ڕاوچی نەناسراو دەستگیرکراون، لەکات و شوێنی جیاواز، چونکە لە نزیکی هەموو شوێنانەی ڕاوی لێدەکرێت بنکەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دارستانی لێیە و هەموو ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن دەدرێنە دادگا، سزاکانیش بەگوێرەی جۆری سەرپێچیەکە دەبێت.
قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ماوەیەی بۆ قەدەغەکە دیاریی کراوە، بە ماوەی دانانی گەرای ماسیی و ماوەی زیادبوونی سامانی زیندەوەرەکە هەژمار دەکرێت.