پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لە لوڕستان کوژران

ئاژانسی تەسنیم، کوژرانی ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران و چەند کرێکارێکی لە لوڕستان ڕاگەیاند.

شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل، پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لە شاری خوڕەمئابادی لوڕستان، کوژراون.

ئاژانسەکە، ناوی ئەندامە کوژراوەکانی سوپای پاسدارانی بڵاو کردەوە کە بریتین لە؛ سەجاد مەدهەنی، حەمید ئاقایی، سەمەد لوڕستانی، عەباس شەرەفی و عەلیڕەزا سەبزیپوور. 

بە پێی ئاژانسەکە، دوو کرێکاری تیمی فریاگوزاری کە شۆفێری سڵنگ بوونە، بە ناوەکانی محەممەد داڵوەند و مەحموود زەینی وەند، لە کاتی بەهاناوەچوونی ئەندامەکانی سوپای پاسداران، لە بۆمبارانەکەدا کوژران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment