'' ئەوەندە هەژار بوین خواردنی ماوە بەسەرچومان دەخوارد ''

ڤیکتۆر ئۆسیمین هێرشبەری هەڵبژاردەی نایجیریا و یانەی ناپۆلی ئیتاڵیا، باس لە نهێنی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات، لە تەمەنی منداڵی ماڵباتەکەی ئەوەندە هەژار بوون، زۆر جار خواردنی ماوەبەسەرچویان کۆکردووەتەوە بۆ خواردن.
ئۆسیمین کە بڕیارە وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە ناپۆلی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی توتۆ مێرکاتۆی ئیتاڵیا لەبارەی ژیانی سەردەمی منداڵی خۆی دەڵێت '' لە نزیک یەکێک لە زبڵخانە گەورەکانی ئەفریقا گەورە بووم، من و هاوڕێکانم دەچووینە ئەوێ بۆ کڕینی جلوبەرگ، تەنانەت خواردنی ماوەبەسەرچووی وەک شیر و چەند بابەتێکی دیکەمان دەخوارد، بەڵام هیچمان لەو بارەیەوە نەدەزانی ''.
هێرشبەرەکەی یانەی ناپۆلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' لە ماڵەوە لەگەڵ براکانم لە ژوورێکدا دەژیام، حەوت کەس بووین، لەسەدا ٪99ـی کاتەکان کارەبامان نەبوو، لەسەر شەقامەکان کارمان دەکرد، من نان و ئاوم دەفرۆشت، یەکێک لە براکانیشم ڕۆژنامەی دەفرۆشت".
ئۆسیمین بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 رویکردە خولەکانی ئەوروپا و لەو ساڵە پەیوەندی بە یانەی وۆلفسبورگی ئەڵمانیا کرد. پاشان ئەو یاریزانە لە ساڵی 2020 بەرامبەر نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ رویکردە یانەی ناپۆلی و وەرزی رابردووش بە شێوەی خواستن لە یانەی گالاتاسارای تورکیا یاری کرد.
ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی نایجیریا بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لە ساڵی رابردوو بازاڕەکەی گەرمکردبوو و سەردەمانێک یانەی مانچێستەر یونایتد ئامادەبوو بەرامبەر 120 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە ریزەکانی، هەروەها ئەم هاوینەش یانەکانی سعوودی ئامادەن پارەیەکی خەیاڵی لە پێناو گواستنەوەی خەرج بکەن.