گۆڵدمان ساکس: ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 110 دۆلار

بانکی گۆڵدمان ساکس بڵاوی کردووەتەوە، مەترسییەکان لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی لە ئارادایە ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوە نرخی نەوت و غازی سروشتی بەرز دەبێتەوە.

بانکی گۆڵدمان ساکس، پێشبینی کردووە ئەگەر هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز بۆ نیوە کەم بکرێتەوە، ئەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت دەگاتە 110 دۆلار.

بانکەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە "دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەکرێت نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2025دا بە تێکڕا، 95 دۆلار سەقامگیر بێت."

دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، نرخی نەوتی خاو کەمێک بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

گۆڵدمان ساکس ئاماژەی بەوەش دا، بازاڕەکانی پێشبینیکردن دەڵێن: ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە ڕێژەی 52%ـە.

ئەو بانکە ڕوونیشی کردەوە، کەمبوونەوەی خستنە بازاڕی نەوتی ئێران،  بە بڕی یەک ملیۆن و 75 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ڕەنگە نرخی نەوتی خاو بەرزبکاتەوە بۆ نزیکەی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئێران، سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل  نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت.

بانکەکە ڕایگەیاندووە، بەرهەمی نەوتی ئێرانی بە بەردەوامی نزم بووەتەوە، نەوتی خاوی برێنت دەتوانێت بگاتە 90 دۆلار بەڵام پیشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا لە نێوان 70 بۆ 80 دۆلار سەقامگیر بێت. 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment