ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیەند "ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد."

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوای 12 ڕۆژ شەڕ، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی تاران ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ناتانیاهۆ وەزیرەکانی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە."

 سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران پێنج شەپۆلی دیکەی مووشەکی بەرەو چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل هەڵداوە."

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر زەنگی ئاگاداری هێرشی ئاسمانی، لە چەند ناوچەیەکی سەرانسەری ئیسرائیل بەرزبووەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران 15 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش کارا کراون.

درەنگانی شەوی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران لە یەک کاتدا داوای ئاشتییان کردووە، ئێستا کاتی ئاشتییە و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی ڕاستەقینەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلن.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بەوەش دا، لە داهاتوودا، ئێران و ئیسرائیل خۆشەویستی، ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەبینن. ئێستا هەردوو وڵات دەتوانن زۆر شت بەدەست بهێنن، بەڵام ئەگەر لە ڕێگەی ڕاست لابدەن زۆر شت لەدەست دەدەن.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتی، جیهان پێشوازیی له‌م بڕیاره‌ ده‌كات، هاوكات پیرۆزبایی له‌ جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.

دۆناڵد تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، دوای 24 كاتژمێری دیكه‌، ئێران و ئیسرائیل به‌ فه‌رمیی شه‌ڕ ڕاده‌گرن. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی، خه‌ریك بوو به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێران بێت. 

تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، ئێران ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات و شه‌ش كاتژمێری یه‌كه‌م شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات ئیسرائیل له‌ 12ـه‌مین كاتژمێر شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment