شاندێکی دارایی فیدراڵ و دارایی هەرێم، پرسی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان تاوتوێ كرد

شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیان کرد و گفتوگۆیان لەسەر بابەتی لێبڕینی ڕێژه‌ی 3%ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد.

چوارشەممە، 25ـی حوزه‌یرانی 2025، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی حەیدەر جاسم، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی خانەنشینیی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی كرد. ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌، تاوتوێكردنی بابه‌تی لێبڕینی ڕێژه‌ی 3%ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێکەوتی 1/1/2014 تاوه‌كوو 1/6/2025، هاوكات كه‌ به‌ شێوه‌ی قیستی مانگانه‌ لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی، لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کراوه‌.

پێشتر و له‌ ڕێكه‌وتی 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی خانەنەنشینیی عێراق کردبوو بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بەخانەنشینان لە هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment