سۆران.. ماسیگرێك له‌ ئه‌نجامی ڕاوه‌ماسیی نایاسایی، مرد

ئەمڕۆ دوو حاڵەتی مردنی  جیاواز لەنێو ئاودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمار کراون و بەرگریی شارستانیی سۆرانیش لەم بارەوە هۆشداری دەدات.

ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمەکانی ئێمە ئاگادار کرانەوە لە حاڵەتێکی مردن لە ڕووباری ناوکێڵان لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، له‌ ئه‌نجامی ڕاوه‌ماسی بە کارەبا، كه‌ بەگوێرەی یاسا قەدەغەیە، چونکە مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری ماسیش.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران گوتیشی: چەندان جار هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی ڕاو دەکەن ئاگادار کراونەتەوە، تاوه‌كوو بەشێوەی نایاسایی ڕاو نەکەن.

ڕەوەند هاودیانی، ئاماژەی بەوە دا، هەر ئەمڕۆ ئێوارە، لە سیدەکان منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ کەوتووەتە نێو حەوزێکی ئاو و له‌ ئه‌نجامدا خنكاوه‌. 

لە 21ـی ئەم مانگەوە وەرزی ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووەتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment