حکوومەتی یەمەن, هۆشداری لە گواستنەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ژێر دەسەڵاتی حووسیەکان دەدات

حکوومەتی یەمەن هۆشداری لە گواستنەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ژێر دەسەڵاتی حووسیەکان دەدات.

موعەمەر ئیریانی، وەزیری ڕاگەیاندن لە حکوومەتی یەمەن لە پەیامێکدا هۆشداریی ئەوەیدا، ئێران ڕەنگە مووشەکەکانی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسیەکان لە یەمەن بگوازێتەوە.

ئیریانی ئاماژەی بەوەش داوە؛ ئێران گەر فشاری زۆری بکەوێتەسەر، مەترسی ئەوەی هەیە پیشەسازی دروستکردنی مووشەک و تەنانەت درۆنیش بگوازێتەوە بۆ ژێر دەستی حووسیەکان، بۆ ئەوەی پارێزراوبن، بەدیاریکراویش دەیگوازێتەوە پارێزگای سەعدە و ناوچەکانی دەوروبەری سەنعای پایتەخت.

پێشتر حووسییەکان بە ڕاشکاوی داوایەکیان ئاراستەی عەلی محەممەد ڕەمەزانی، باڵوێزی ئێران لە سەنعا کردووە، بۆ زیادکردنی بە پەلەی پشتیوانیی دارایی و سەربازیی. ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی کورتهێنانێکی کارەساتبار لە بودجەی کارکردنی گرووپەکەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچەی چەکداران و خەرجییەکانی بەرەی ناوخۆیی.

هەروەها پێشتر فەواز مونسر، سەرنووسەری کاروباری یەمەن لە ماڵپەڕی سکای نیوز، ڕایگەیاند "ئێران دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی لە یەمەن نابێت، ئەو گرووپە بۆ تارانی سەلماندووە ئەوەندە خۆڕاگر و دڵسۆز و بێباکە کە ئەجێندای سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات. دەشڵێت: "حووسییەکان ئێستا باڵی بەرگریکردنی ئێرانن لە دەرەوەی سنوورەکانی، تاران هەرکاتێک هەستی بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ کرد، کارتی سەوز بۆ حووسییەکان بەرز دەکاتەوە." هەر بۆیە ئێران ڕەنگە مووشەکەکانی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسیەکان لە یەمەن بگوازێتەوە زۆر بە ئاسانی.

 
Fly Erbil Advertisment