چێڵسی لە یارییەکی دراماتیکی توانی لە بێنفیکا بباتەوە

چێڵسی لە یارییەکی دراماتیکی بەهۆی نالەباری کەش و هەوا، دواجار بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر گۆلێک لە بێنفیکای بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی یانەکان.
لە دووەم یاری قۆناغی شازدەی مۆندیالی یانەکان، هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و بێنفیکای پۆرتوگاڵی رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لە کۆتاییدا یانە ئینگلیزیەکە توانی بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر گۆلێک براوە بێت. لە خولەکی 64 رێس جەیمز توانی گۆڵی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی بلوز بکات، بەڵام پێنج خولەک پێشکۆتایی هاتنی یارییەکە، بەهۆی نالەباری کەش و هەوا، ناوبژیوانی یارییەکە بڕیاریدا یارییەکە بوەستێت و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر ئینجا یارییەکە دەستی پێکردەوە.
دوای دوو کاتژمێر یارییەکە دەستی پێکردەوە و ئانخێل دی ماریا ئەنجامی یارییەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە بەرەو کاتی زیاد کراو چوو. یاریزانانی چێلسی سێجاری دیکە لە کاتی زیاد کراو تۆڕی گۆڵی بێنفیکای هەژاند و یارییەکەیان بردەوە و گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی، لەم قۆناغەش رووبەڕووی یانەی پالمیراس دەبێتەوە.