عێراق..ڕێژەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ 71% بەرزبووەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون بەڕێژەی لەسەدا 71 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 179 حاڵەتی پشتڕاستکراوە، لەنێویاندا 23 حاڵەتی مردن.

د. سائیر سەبری حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان، لە بەشی ڤێتەرنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: ژمارەی تووشبووان بەتای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 179 کەس، کە لەو ژمارەیە 23 حاڵەتی مردن هەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگای زیقار 50 حاڵەت هەبووە، لەگەڵ یەک حاڵەتی مردن، لە بەغدا 28 حاڵەت هەبووە، لەگەڵ هەشت حاڵەتی مردن، کەمترین حاڵەتی تۆمارکراو کە یەک حاڵەتیان هەبووە، ئەوانیش پاریزگاکانی نەجەف، کەربەلا، ئەنبار و سەلاحەددین.

سائیر سەبری، جەختیشی لە کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار کردووەتەوە، هەروەها دەرمانی قڕکەریان دابین کردووە و هەڵمەتی ڕشاندنیان کردووە، هەروەها  هاوردەکردنی ئاژەڵیان لەدەرەوە قەدەغە کردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرزبوونەوەی لەسەدا 71ـی ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کردووە، زیادبوونی ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی هۆشیاریی تەندروستی و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە لەنێو هاووڵاتییاندا.

گوتیشی: دیارترین هۆیەکانی بڵاوبوونەوە بریتین بەکارهێنانی گۆشتی ئالوودەبوو بە گەنە، سەربڕینی ئاژەڵ لەکاتی جەژنی قوربان بەهەڕەمەکی، بۆیە پێویستە کڕینی گۆشت لە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە بێت، هەروەها ڕێگریی لە سەربڕین لەناو دوکانەکانی گۆشتفرۆشی یان نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و ڕێگا گشتیەکان. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment