تۆم باراک: سووریا و لوبنان پێویستیان بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە

نێردەی تایبەتی سهرۆكی ئەمهریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت: جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕێگەیەکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. گوتیشی: سووریا و لوبنان پێویستیان بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سهرۆكی ئەمهریکا بۆ کاروباری سووریا، بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆی ڕاگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا ڕقی لە ئیسرائیل نییە و دەیەوێت ئاشتی لەم سنوورە ڕووبدات، لوبنانیش بە هەمان شێوە ئەوەی دەوێت.
جەختی لەوە کردەوە، زۆر گرنگە سووریا و لوبنان، ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، نێردەی تایبەتی سهرۆكی ئەمهریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی: پێویستە ئەو هێزانە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا یەک بخرێنەوە.
تۆم باراک، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ترەمپ و ڕوبیۆ بە ڕوونی بۆچوونەکانیان دەربڕیوە کە لە سووریا تەنیا مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەکەن.
لەبارەی ئاگربەستی غەززەش دەڵێت: لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت.