ئەمەریکا.. پزیشکێکی کورد توێژینەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی لەسەر هەڵەبجە دەکات

پزیشکێکی کوردی دانیشتووی ئەمەریکا، چەندان ساڵە توێژینەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی لەسەر خاک و تەندروستی دانیشتووانی هەڵەبجە دەکات کە ساڵی 1998 لە لایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا. بۆ پزیشکەکە ئاشكرا بووە، هێشتا کاریگەریی بەکارهێنانی چەکەکە، لەسەر تەندروستیی دانیشتوانی شارەکە ماوە. 

ئارام گەڵالی، پزیشکێکی کوردی پسپۆڕی خانە شێرپەنجییەکانە لە زانکۆی هارڤارد؛ ماوەی 11 ساڵە کار لەسەر توێژینەوەک دەکات لەبارەی کاریگەریی هەردوو گازی سارین و خەردەل، لەسەر خاک، ژینگە و جەستەی مرۆڤ لە هەڵەبجە، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس شارەکەی پێ بۆمباران کرد.

ئەمە یەکەم توێژینەوەیە لەم بوارەدا کرا بێت و  کاریگەریی هەردوو گازەکە دوای 37 ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لەسەر ژینگەی شارەکە و تەندروستیی دانیشتووانەکەی، دەستنیشان کراوە.

د. ئارام گەڵاڵی، بە عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە توێژینەکەماندا ویستوومانە کاریگەریی درێژخایەنی هەردوو گازی سارین و خەردەل لەسەر خاک، ژینگە و جەستەی مرۆڤ بخەینە ڕوو و بەتایبەت کارمان لەسەر شاری هەڵەبجە کردووە کە تا ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوامە و لە ڕووی ڕووبەڕیشەوە، بچووکە. دەبێت هەموو کوردێک هەوڵ بدات، هەڵەبجە بکاتە ناسنامەی جیهانیی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی."

100 ساڵ بەسەر پرۆتۆکۆلی جنێڤ بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تێ دەپەڕێت، بەڵام چەندان ڕژێم لە دوای ئەو بڕیارە چەکی کیمیایان بەرامبەر گەلی خۆیان و خەڵک بەکار هێناوە، هەڵەبجە نموونەیەکی دیارە.

ئاشێر ئۆرکابی، مامۆستا لە زانکۆی هارڤارد گوتی: کیمیابارنی هەڵەبجە، یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکان بۆ سەر دانیشتووانی سڤیل لە سەدەی 20 و 21ـدا،  تاوەکوو شەڕی ناوخۆی سووریا. هەڵەبجە هاوواتایە لەگەڵ ترس و تۆقاندنی چەکی کیمیایی بەرانبەر خەڵکی سڤیل."

ئەم کۆنفرانسە، لەلایەن کۆمەڵەی مێژووناسانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە ڕێک دەخرێت. سەدان لێکۆڵەر لە ئەمەریکا و زانکۆکانی جیهان، توێژینەوەکانیان پێشکەش دەکەن.

ئاران ئۆکۆنێڵ، مامۆستا لە زانکۆی ئۆستن ئاماژە بەوە دەدات "ئەمە کۆمەڵەی مێژووناسانی دیپلۆماسی، جەنگ و کاروباری نێودەوڵەتییە. هەرچەندە زۆربەمان ئەمەریکاین، بەڵام قوتابی و لێکۆڵەر لە سەرجەم جیهاندا بەشدارن. ئێمە گرنگی بەهەر شوێنێک دەدەین کە شایەنی ئەوە بێت خوێندنی سیاسەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکای بۆ تەرخان بکرێت. جا عێراق، ئەفغانستان، چین، ئاسیا یان ئوسترالیا بێت، بەو مەرجەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت. ئێمە پەیوەندییەکانی دەرەوە و مێژوویان دەخوێنین."

نەک تەنیا پسپۆران و مێژوونووسانی کورد، بەڵکوو بیانییەکانیش لەو بڕوایەدان بەڵگەی تەواو هەیە ئەوەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە جینۆسایدە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە وەک جینۆساید بیناسێنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment