تووشبووێکی تای خوێنبەربوون لە نەجەف، مرد

سەرچاوەیەکی تەندروستیی لە پارێزگای نەجەف ڕایگەیاند، حاڵەتێکی مردن بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا.

سێشەممە، 1ـ7-2025، سەرچاوە تەندروستییەکەی نەجەف بە میدیاکانی ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ئافرەتێکی تەمەن شەستەکان لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەجەف بەهۆی تای خوێنبەربوون مرد."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "ئافرەتەکە گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ڕادەستکردنی تەرمەکەی بە خێزانەکەی."

گوتیشی: ئەو کەسەی مردووە، خەڵکی یەکێک لە پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست بووە و دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە تووشی نەخۆشییەکە بووە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو."

هاوکات دوێنێ دووشەممە، 30-6-2025، باس لەوە کرا تووشبووێکی دیکە بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای میسان بەهۆی نەخۆشیەکەوە مردووە بەڵام دواتر تەندروستیی میسان ڕونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو، تاوەکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ئەو نەخۆشە بەهۆی تای خوێنبەربوون مردبێت.

ڕۆژی 29-6-2025، د. سائیر سەبری حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان، لە بەشی ڤێتەرنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: ژمارەی تووشبووان بەتای خوێنبەربوون لە عێراق گەیشتووەتە 179 کەس، کە لەو ژمارەیە 23 حاڵەتی مردن هەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگای زیقار 50 حاڵەت هەبووە، لەگەڵ یەک حاڵەتی مردن، لە بەغدا 28 حاڵەت هەبووە، لەگەڵ هەشت حاڵەتی مردن، کەمترین حاڵەتی تۆمارکراو کە یەک حاڵەتیان هەبووە، ئەوانیش پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، ئەنبار و سەلاحەددین بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment