ئەورووپا..گەرمای لە ڕادەبەدەر، نرخی کارەبای بەرز کردووەتەوە

وێستگەیەکی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبا
وێستگەیەکی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبا

پاش ئەوەی شەپۆلێکی توندی گەرما سەرجەم وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە، دانیشتوانەکەی کە بە دەگمەن کەشی ئاوها گەرمیان دیوە، بە تەواوی بێزار بوونە و بەزۆریی ئامێرەکانی ساردکەرەوە بەکار دەهێنن. سەرباری ئەوەش، شەپۆلە گەرماکە نرخی کارەبای بە ڕادەیەکی پێشبینی نەکراو بەرز کردووەتەوە.
 
ڕۆژنامەی دی مۆرغنی بەلجیکی لە ژمارەی سێشەممە، 1ـی تەمووز 2025، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە "بە پێی لێکدانەوەکان، کاتژمێر هەشت تا نۆی ئێوارەی ئەمڕۆ، نرخی کارەبا لە بەلجیکا دەگاتە 500 یۆرۆ بۆ یەک مێگاوات کارەبا لە سەعاتێکدا، ئەمەش بەرزترین نرخی کارەبایە لە هەموو ئەورووپادا."

دی مۆرغن، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی وزە "ئەتۆسفیرک جی 2" بڵاوی کردووەتەوە "کەشی وشکی هاوینی ئەمساڵ سەرئێشەی بۆ بازاڕی وزەی ئەورووپا دروست کردووە، لە لایەکەوە داخوازیی لەسەر کارەبا زۆر بووە چونکە ئامێرەکانی ساردکەرەوە بەردەوام  کار دەکەن و لە لایەکی دیکەوە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا توانای دابینکردنی ئەو هەموو کارەبایەیان نییە. هەر بۆ نموونە، وێستگە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە فەرەنسا، بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ڕووبارەکانەوە ناتوانن تۆرباینەکان سارد بکەنەوە. ناچار، تا ئێستە دوو لە کوورە ئەتوومییەکانی ئەو وێستگانە لەکار وەستێنراون. هەروا پانکە هەواییەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش لەبەر لاوازیی هەوای ساردی دەریا، بەپێی پێویست ناخولێنەوە. جگە لەوانەش ویستگە کارۆ-ئاوییەکانیش لەبەر کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان، کەمتر لە توانای خۆیان کار دەکەن؛ هەموو ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی نرخی کارەبا لە ئەورووپا بە ڕادەیەکی پێشبینی نەکراو بەرز ببێتەوە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment