ریاڵ مەدرید 2647 رۆژە لە یوڤێنتوسی نەبردووەتەوە

ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس
ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس

ریاڵ مەدرید سەرەڕای ئەوەی لە یەکەم یاری مۆندیالی یانەکان، نەیتوانی ئەوەی هاندەرانی چاوەڕییان دەکرد پێشکەش بکەن، بەڵام لە دوو یاری دیکە هاندەرانی یانەکەیان تاوەکو رادەیەکی زۆر گەشبین کردووە، یانە شاهانەکە لە قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەبێتەوە.

دوایین رووبەڕووبونەوەی ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس لە قۆناغی کرانە دەرەوەی پاڵەوانێتیەکی گەورە، وەرزی 2017 بۆ 2018 لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بوو، ئەو کاتە خانمە پیرەکە لە یاری گەڕانەوە توانی لە ریاڵ مەدرید بباتەوە. هەروەها دوایین بردنەوەی مێرنگی بەرامبەر رکابەرەکەی 2647 رۆژ لەمەوبەر بوو.

کیلیان ئێمباپێ دوای چاکبونەوەی لە نەخۆشیەکەی، بەبێ کێشە بەشداری راهێنانەکانی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە پێکهاتەی سەرەکی بێت. هەروەها میلیتاو ئەویش هیچ کێشەیەکی نەماوە، هاوشێوەی ئەوانیش دانی کارڤاخال ئەو یاریزانەش لە پێکانەکەی رزگاری بووە، بەڵام ئەو و میلیتاو ئەستەمە بەشداری ئەو یارییە بکەن.

هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس، پێشتر 21 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە و ریاڵ مەدرید خاوەنی 10 بردنەوەیە و لە بەرامبەردا یوڤێنتوس خاوەنی 9 بردنەوە، هەروەها دوو یاری لە نێوان هەردوو یانە بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.

ریاڵ مەدرید لە دوایین 13 یاری لە مۆندیالی یانەکان هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و خاوەنی 12 بردنەوە و یەکسانبونێکە ئەویش بەرامبەر یانەی هیلالی سعوودی بوو لە گەڕی یەکەم پاڵەوانێتیەکە، هەروەها ریاڵ مەدرید لە شەش یاری رابردووشی هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.

یانە شاهانەکە لە قۆناغی یەکەمی مۆندیالی یانەکان، دوو بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێنا، لەو سێ یارییە مێرنگی حەوت گۆڵی کرد و دوو گۆڵیان لێکراو، لە بەرامبەردا خانمە پیرەکە لە سێ یاری قۆناغی یەکەم، یازدە گۆڵی کرد و شەش گۆڵی لێکرا.

 

 
Fly Erbil Advertisment