کتێبخانەی ڕواندز، سەکۆیەک بۆ ڕۆشنبیری و کۆکردنەوەی نووسەران و خوێنەران

کتێبخانەی ڕواندز یەکێکە لە کتێبخانە کۆنەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری خوێنەران سەردانی دەکەن و هەزاران کتێب و ڕۆژانامە و گۆڤاری تێدایە.
سێشەممە، 1ـی تەمووزی 2025، نەزیرە سمکۆ، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ڕواندز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کتێبخانەی ڕواندز لە ساڵی 1965 دروستکراوە تاوەکوو ساڵی 1974 بەردەوامی هەبوو، 53هەزار کتێب و 16 هەزار گۆڤار و نۆ هەزار ڕۆژنامەی تێدابووە، سێجاریش کتێبخانەکە سووتاوە ئەمەش بووەتەوە هۆی ئەوەی تەواوی کتێب و دەستنووسەکان لەناو بچن.
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکە گوتیشی: ئێستا 18 هەزار و 500 کتێبی لەخۆگرتووە، لەگەڵ هەبوونی پێنج هەزار گۆڤار، لەهەمان ئەو شوێنەی یەکەمینجار لێی دامەزرا، ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆری خوێنەر سەردانمان دەکەن، لە هەموو تەمەن و توێژەکان بەبێ جیاوازی لە هەموو شار و شارۆچکەکان، لە بەیانییەوە تاوەکوو کاتژمیری پێنجی ئێوارە کتێبخانە بەڕووی خوێنەراندا کراوەیە.
نەزیرە سمکۆ ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی زۆری نوسەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات هەرکاتێک بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان سەردانمان دەکەن بۆ دەستخستنی ئەو کتێبەی دەیانەوێت.
نەزیرە سمکۆ باسی لەوەش کرد، مانگانە چەندین چاڵاکی ناساندنی کتێب بۆ نووسەرەکانمان دەکەین، چونکە ژمارەیەکی زۆری نووسەر پەیوەندیمان پێوە دەکەن و حەزدەکەن لەنێو کتێبخانەی ڕواندز بەرهەمەکانیان بناسێنن بۆ خەڵکی ڕواندز و دەورووبەری.
کتێبخانەی ڕواندز لە ساڵی دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئێستا حەوت بەڕێوەبەری هەبووە، نەزیرە سمکۆ یەکەمین بەڕێوەبەری ئافرەتی ئەو کتێبخانەیە.

