ئەمەریکا ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرێت

جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی ئەمەریکا لە پیشینەی کارەکانمانە، ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرین.
ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە 'سی بی ئێس نیوز'ـی ڕاگەیاندووە، "بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە بێت بڕیارەکە دراوە، ئەمەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانییە سەربازییەکان و هاوکارییەکانی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بووە."
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، ئەم هەنگاوە بەهۆی کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمەریکاوە بووە.
ئیدارەی ترەمپ، ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ڕاگرتنی هەناردەی چەک بۆ ئۆکرانیا، کام جۆر چەک دەگرێتەوە.
ئێلبریج کۆلبی، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سیاسەت، شەوی ڕابردوو لەوبارەوە گوتی: "وەزارەتی بەرگری بەردەوامە لە دابینکردنی بژاردەی بەهێز بۆ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ ئامانجەکەی کە کۆتایی بەم شەڕە سێساڵەیە بهێنێت.
دەشلێت: لە هەمان کاتدا، وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەکات و پارێزگاری لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکات".
لە دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، ئەمەریکا دەیان ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.