عێراق لە بەهەدەردانی ئاو پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی و جیهانییە
ڕوانگەی عێراقی سەوز: هەر هاووڵاتیەکی عێراقی ڕۆژانە 400 لیتر ئاو بەکار دەهێنێت

ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی ڕۆژانە لای عێراقییەکان لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا بەرزترینە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە عێراق لە بەفیڕۆدانی ئاو پێشەنگی گرتووە.
چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هەر هاووڵاتیەکی ئاسایی عێراقی ڕۆژانە 400 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت، ئەمەش زۆرترین بەکارهێنانە لە جیهاندا."
ئاماژەی بەوەش کرد، "هاووڵاتیانی عێراقی داهێنەرن لە شێوازەکانیان بۆ بەفیڕۆدانی ئاو، هەر لە شۆردنی شەقام و باڵەخانەکانەوە دەست پێ دەکات، تاوەکوو ئاودانی باخچەی ناوماڵ و دەرەوە و شۆردنی ئۆتۆمبێل و شێوازەکانی دیکەی بەفیڕۆدان، بەبێ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار بەوەڵام بێن بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە."
ڕوانگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بەرانبەر بەو کەسانە دەکات کە ئەم سامانە بەفیڕۆ دەدەن، بەتایبەتی کە عێراق بەدەست قەیرانێکی سەختی ئاوەوە گیرۆدەیە و بووەتە هۆی وشکەساڵی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.