ترەمپ: پێویستە دەستبەجێ سەرۆکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی دەست لەکاربکێشێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرۆکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی کرد دەستبەجێ دەست لەکاربکێشێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال، داوای لە "جیرۆم پاول، سەرۆکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی کرد دەست لەکاربکێشێتەوە و گوتی، پێویستە دەستبەجێ ئەو کارە بکات."
ترەمپ ڕاشیگەیاند، هەر کەسێک لە سەرۆکی بانکی ناوەندی فیدراڵی باشترە.
سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی بە شکستهێنان لە ئەرکەکەی تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە، دەبێت ڕێژەی سوود 1% یان کەمتر بێت.
ترەمپ ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی بانکی فیدراڵی گرت، کە ڕێژەی سوودی بە جێگیری ڕاگرتووە و داوای کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی کردووە و ڕایگەیاندووە، بانکی ناوەندیی تێچووی قەرزکردن بۆ حکوومەتی ئەمەریکا بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
لای خۆیەوە جیرۆم پاول، سەرۆکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر باجەکانی ترەمپ نەبوایە، ئەگەری زۆرە ئەمساڵ ڕێژەی سوودی کەم بکردایەتەوە.
ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا پاولی بۆ سەرۆکایەتی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا کاندید کردبوو.
بڕیارە خولی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا لە مانگی ئایاری 2026 کۆتایی پێبێت.