هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر باس لەوە دەکات، ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی تەواو بوونە و هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی دەکرێت.
مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات، سەرجەم وەزارەتەکان دەگرێتەوە، تەواوی ئامادەکارییەکان کراون، ڕووپێوی زەویش تەواوکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، هەفتەی داهاتوو ڕۆژی دابەشکردنی تیروپشک دیاری دەکەین و دواتر سەرجەم شارەوانییەکان بەگوێرەی خشتەیەکی تایبەت بەخۆیان تیروپشک دەکەن، بۆهەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە،30ـی حوزەیرانی 2025 سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆسەی وردبینی ناوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی ئەمڕۆ کۆتایی هات و بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو ناوی 35 هەزار فەرمانبەری دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.