دیلان عەبدولڵا: لە پردی پەڕینەوەی شەقامی هەولێر-کەرکووک ڕەچاوی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر پردێکی پەڕینەوەی پیادە لە شەقامی هەولێر-کەرکووک دروست دەکات، دروستکردنی پردەکە سەلامەتیی هەزار و 700 قوتابی بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین دەپارێزێت.
دیلان عەبدولڵا، بەڕێوبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هاتوچۆی زۆری قوتابیان لە شەقامی هەولێر-کەرکووک و نزیک بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئاستی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکە 80 کیلۆمەترە، بۆیە بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بڕیار لە دروستکردنی پردێکی پەڕینەوە درا بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیان، لەبەر ئەوە لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر پرۆژەی دانانی پردەکە جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، دیزاینی پردەکە جیایە لە پردەکانی دیکەی کوردستان چونکە پەڕینەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێیدا لەبەرچاوگیراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەورووبەری پردەکە جوانکاریی و سەوزایی دەکرێت لەبەر ئەوەی کەوتووەتە دەروازەی شاری هەولێر کە گەشتیاری زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەوێوە دێنە نێو شار.
دیلان عەبدولڵا ڕایگەیاند: بەپێی بەرنامەی وەرزی هێلکاریی، هێلکاریی هاتوچۆ لە شارەکان دەستییان پێکردووە، لەوانەش لە(هەولێر، زاخۆ، سۆران)، دەڵێت: پلانمان هەیە هەفتەی داهاتوو لە هەڵەبجە و سلێمانی دەست بە کاری هێلکاریی بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی زۆرینەی شارەکان هێلکاریی کراون، بۆیە پلانی هێلکاریی دەبردرێتە ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکان.