ئەمڕۆ ترەمپ لە کۆشکی سپی چاوی بە ناتانیاهۆ دەکەوێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی میوانداری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات.
ناتانیاهۆ گفتوگۆکانی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە پێشخستنی دانوستانەکان و ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززەیە.
ناتانیاهۆ دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، دانوستانکارانی ئیسرائیل بەشدارن لە دانوستانەکانی ئاگربەست، ڕێنمایی ڕوونیان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئەو مەرجانەی کە ئیسرائیل پەسەندی دەکات.
دەشڵێت: "گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بەدڵنیاییەوە گەیشتن بە ئەنجامە، بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی بارمتەکان لە غەززە و نەهێشتنی ئەو مەترسییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دروستی دەکات."
لای خۆیەوە ترەمپ گوتی: "دەکرێت لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست بکرێت، کە بە وتەی خۆی دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر بارمتە. ترەمپ هەروەها بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پێموایە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بگەینە ڕێککەوتن."
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سێیەم سەردانیەتی بۆ کۆشکی سپی، ئەمەش لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستەکەی کە نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەرە.