لە نیپاڵ و هیندستان دەیان کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لە دەست دا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمموزی 2025، لافاو لە شاری ڕاسوواگادی باکووری کاتماندۆی پایتەختی ڕووی دا.

دەسەڵاتدارانی نیپاڵ ڕایانگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە 18 کەس کە 12یان هاووڵاتیی چینن، لە پردێکی نیپال کە بە چینەوە بەستراوەتەوە، گیانیان لەدەست داوە.

دەسەڵاتدارانی نیپاڵ ڕاشیانگەیاند، هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامە و بەرپرسان هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکەن و بەدوای ونبووەکاندا دەگەڕێن. 

دەشڵێت: هەلیکۆپتەرێکی سەربازی ئەو کەسانەی ڕزگارکردووە کە بەهۆی لافاوەکەوە گیریان خواردبوو.

لای خۆیەوە پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا 95 کەسی خۆبەخش لە ناوچەکەدان بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی گیریان خواردووە.

 

لەلایەکی دیکەوە لە هیندستان بەهۆی لافاوە و بوومەلەرزەوە دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە.

لە ویلایەتی هیماچال پرادێش لە هیندستان بەهۆی لافاو و  بوومەلەرزە لە بەرزاییەکانی هیمالایا دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەش کرد، لە دوای لافاوەکە لە شارۆچکەکانی کانگرە، چەمبا، شیملا و مەندی، نزیکەی 30 کەس بێسەروشوێن بوون، گەڕانیش بە درۆن بەردەوامە.

دەسەڵاتداران لە هەفتەی ڕابردووەوە 23 لافاو و 16 بوومەلەرزە تۆمارکردووە. بەمەش لەو کاتەوە تا ئێستا 80 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان ماڵ و ڕێگا و پرد و دوکان وێران بوون.

کەشناسی هیندستان پێشبینی بەردەوامی بارانبارینی بەخوڕ لە چەند ناوچەیەکی ویلایەتی هیندستان کردووە و گلۆپی زەردی بۆ بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچە پەرشوبڵاوەکان تا 10ی تەمموز هەڵکردووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment