لە هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر کەشتی ئیترنیتی دووکەس کوژران

دەسەڵاتی دەریایی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمموزی 2025، ڕایگەیاند، لەلایەن چەکدارە حووسییەکانی یەمەنەوە بە پێنج مووشەکیی بالیستی هێرش کرایە سەر کەشتی ماجیک سیز بەو هۆیەوە دوو کەس کوژراون.
لە بەیاننامەکەی دەسەڵاتی دەرییای بەریتانیا هاتووە؛ بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانیی حووسییەکان کەشتیی 'ماجیک سیز'یش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
دەسەڵاتی دەریایی بەریتانیا ڕاشیگەیاند "کەشتییەکە لە ژێر هێرشی بەردەوامی چەکدارە حووسییەکاندایە. هەروەها ئەمە دووەم کەشتییە لە دەریای سوور لە ماوەی نزیکەی 24 کاتژمێردا لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بە ئامانج دەگیرێت."
لای خۆیەوە دەزگای ئەمنیی بەریتانی بەناوی AMBERY بڵاوی کردەوە، دوێنێ دووشەممە، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای لیبریای لەسەر بووە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی تیمی کەشتییەکە کوژران و دوو ئەندامی دیکەش بریندار بوون.
هانس کاکداک، یاریدەدەری وەزیری کرێکارانی کۆچبەری فلیپین ڕایگەیاند، ئەو کەشتییەی هێرش کراوەتە سەر کەشتیی "ئێم ئینترنیتی سیا" MV Eternity Sea بووە، هەروەها لە کۆی 22 ئەندامی تیمەکەی 21 کەسیان خەڵکی فلیپینن.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئەمەریکا هەڵداوە. زۆربەی ئەو مووشەکانە لەلایەن هێزی دەریاوانی هاوپەیمانان ڕێگرییان لێ کراوە.