خانووەکەی حوزنی موکریانی له‌ ڕواندز نۆژەن دەکرێتەوە

حوزنی ‎موكریانی ئه‌و پیاوه‌ی خاوه‌نی‌ تابلۆیه‌كی ڕه‌ونه‌قداره‌ له‌سه‌ر دیواری مێژووی ئه‌ده‌ب و نووسینی كوردی، دوای چەندین ساڵ بڕیار وایە خانووەکەی لەسەر مۆرکێکی ڕەسانایەتیی کوردی نۆژەن بکرێتەوە.

ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمووزی 2025، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوتی: کارکردن لە دیزاینێکی تایبەت بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی خانووه‌کەی حوزنی موکریانی بەردەوامە، پلان وایە بکرێتە مۆزەخانایەکی تایبەت کە کەرستەکانی حوزنی موکریانی لەخۆ بگرێت.

ئەحمەد قادر گوتیشی: کارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ خانەوادەی حوزنی موکریانی دەکرێت، نۆژەنکردنەوەی خانووه‌کەش مۆرکێکی ڕەسەنایەتی و کوردی لە خۆ دەگرێت، تاوەکوو ئێستا دیزاینەکە تەواو نەکراوە.

چەند ساڵێک پێش ئێستا بەردی بناغەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی حوزنی موکریانی دانرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرا.

حوزنی موکریانی کێیە؟

حوسێن حوزنی موکریانی ساڵی 1883 لە گوندی بوغدەکەندی سەر بە شاری سەقز ھاتووەتە دنیاوە و منداڵی خۆی لە ئینچکە و بوغدەکەندی بەسەر بردووە، حوزنی لە گوندی ئینچکەی سەر بە تورجان لە بەشی ناوەندیی شاری سەقز لە دایک بووە.

لەبەر لێھاتوویی نەوەستاوە و دەستی کردووە بە ڕۆشنبیرکردنی خودی خۆی لە ڕێگەی ئەو کتێبانەی کە بە زمانەکانی دیکە ھەبوون لەو سەردەمەدا.

حوسێن حوزنی سەرەتا لای باوکی و خاڵەکانی خوێندوویەتی حوزنی لە تەمەنی 21 ساڵیدا ئاوارە بووە و چەندین وڵاتی جیهانی بینیوە له‌وانه‌: ڕووسیا، ئەفغانستان، سووریا، لوبنان، میسر، حیجاز (سعوودیه‌) و فەڕەنسا.

ساڵی 1915 لە حەلەب چاپخانەیه‌کی بچووکی پێکەوە ناوە و بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەب و مێژووی کورد، تەرخانی کردووە.

حوسێن حوزنی ساڵی 1925 ھاتووەتە ڕواندز و چاپخانەی زاری کورمانجی دامەزراندووە. ساڵی 1943 لە ڕواندز دوور خراوەتەوە و تا کۆچی دوایی کردووە لەبەغدا ژیاوە.

ساڵی 1915 بۆ کورد وەرچەرخانێکی تایبەت بوو، چونکە بۆ یەکەم جار دەستنووسە کوردییەکان لەسەر دەستی حوسێن حوزنی موکریانی چاپ کران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment