ریاڵ مەدرید جارێکی دیکە دژی بارسێلۆنا دەوەستێتەوە

بەشی یاسایی یانەی ریاڵ مەدرید داوای کردووە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی نێگریرا تا مانگی ئازاری 2026 درێژ بکرێتەوە، یانەکە رایگەیاندووە تاوەکو ئەم ساتە لەم دۆسیەیەدا چاڵاکە و ڕۆڵی خۆی وەک ئەکتەرێکی بەرچاو سنووردار نەکردووە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید سوورن لەسەر بەردەوامی لێکۆلینەوەکان لەسەر کەیسی نێگریرا و داوایان کردووە، لێکۆڵینەوەکان لەو دۆسیەیە بەردەوام بێت و بەو پێیەش لێکۆڵینەوەکان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە لە یەکی ئەیلولەوە درێژ دەکرێتەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە بەشی یاسایی یانەی ریاڵ مەدرید داوای لەو دادگایە کردووە کە دۆسیەکەی لەدەستە، تاوەکو مانگی ئازاری 2026 بەردەوام بێت لە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوەی هەموو وردەکارییەکانی ئەو پارە گوماناویانەی بارسێلۆنا داوەتە کۆمپانیای ئینریکی نێگریرا، جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانی تۆپی پێی ئیسپانیا.
لە ساڵی 2023 چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کرد، گوایە بارسێلۆنا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018، بە کەیسێکی گەندەڵی تێوەگڵاوە ئەویش پێدانی بڕی نزیکەی 7.3 ملیۆن یۆرۆ، بە خۆزێ نێگرێرا جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشووی نابژیوانانی ئیسپانیا، بۆ ئەوەی لە یارییەکانی ئاسانکاریان بۆ بکات.
دوای ئاشکرابوونی ئەو کەیسە گەندەڵیە چەندان یانەی ئیسپانی لە دژی یانەی بارسێلۆنا سکاڵایان تۆمار کرد، یەکێک لەو یانانە ریاڵ مەدرید بوو کە تاوەکو ئێستا پێداگیرە لەسەر ئەوەی، تاوەکو دۆسیەکە بە تەواوەتی روون نەبێتەوە، رێگەنادەن کۆتایی بە دادگایی کردنەکە بهێندرێت.