لە کابینەی نۆیەمدا، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دەیان پۆند و بەنداو دروست کراون

لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو، دەیان پۆند و بەنداو دروست کراون.
لە هەرێمی کوردستان، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو دەیان پۆند، بەنداو، پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ دروست کراون، بە ئامانجی دابینکردنی ئاوی پاک، ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، پشتیوانی ئاژەڵداران، گرنگیدان بە بەهێزکردنی ژێرخانی ئاو لە هەرێم.
گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و نەبوونی باران، کاریگەریی لەسەر جیهان دروست کردووە و بوونەتە ئالنگاریی گەورە، هەرێمی کوردستانیش بێبەری نەبووە لەو ئالنگارییانە، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان کەم بکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژیی ئاو، کە تێیدا سوود لە ئاوی سەر زەوی وەردەگیرێت.