پاش سیازدە ساڵ، نامەی بووک و زاوایەک لە شووشەیەکدا دۆزرایەوە

نامەکەی ئانیتا و براد، پاش سیازدە ساڵ
نامەکەی ئانیتا و براد، پاش سیازدە ساڵ

مانگی ئەیلوولی 2012، بووک و زاوایەک کە بۆ گەشتی مانگی هەنگوین، چووبوونە دوورگەی بێل، لە ناوچەی نیوفاوندلاند لە ڕۆژهەڵاتی کەنەدا لەسەر پارچە کاغەزێکی بچووک دەنووسن "ئەگەر ئەم نامەیەت دۆزییەوە، پەیوەندیی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکە!" نامەکە دەخەنە شووشەیەکەوە دەیهاونە ئۆقیانووسی ئەتڵەنیکەوە. 

سیازدە ساڵ دواتر و لە دووریی 3218 کیلۆمەتری نیوفاوندلاند، ژن و مێردێک بە ناوەکانی کیت و جۆن، لە قەراغ کەنداوی سکراگان لە ناوچەی کییەر، لە ڕۆژاوای ئایرلاندا، شووشە و نامەکە دەدۆزنەوە.

کیت دەڵێت: لە نامەکەدا نووسرابوو "ئێمە، ئانیتا و براد، پاش ئێوارەخوانێکی ڕۆمانسی، ئەم نامەیە دەنووسین، تکایە هەر کەسێک دۆزییەوە، با پەیوەندیمان پێوە بکات." ئەوان ژمارە تەلەفۆنێکیان لەسەر نامەکە نووسیبوو.
من و جۆن، بەلامانەوە سەیر بوو و لەخۆمان پرسی "تۆ بڵێی ئەو دوانە ئێستاش پێکەوە بن؟"

ئەوان، زەنگیان بۆ ژمارە تەلەفۆنەکە لێ دا، بەڵام کەس وەڵامی نەدانەوە. بۆ ڕۆژی دواتر، هەواڵی دۆزینەوەی نامەکەیان لە هەژماری فەیسبووکی "کۆمەڵەی ماهاریس بۆ پارێزگاری لە ژینگە و کەلەپوور" بڵاو کردەوە. 

هەواڵەکە بە خێرایی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی و زانرا کە ئانیتا و براد، هەر لە نیوفاوندلاند دەژین و سێ منداڵیان هەیە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی تەممووز، 2025، براد، بە ڕۆژنامەی زە گاردیانی گوت: "48 کاتژمێری زۆر سەیرمان بەسەر برد، شەوی دووشەممەی ڕابردوو، کاتی کوڕە بچووکەکەمانم دەنواند، زەنگی مۆبایلەکەم بێوچان لێی دەدا، ئەوەش شتێکی ئاسایی نەبوو. لە ژوورەکەی دیکەوە گوێم لە دەنگی ئانیتا بوو کە پێ دەکەنی، زەنگی مۆبایلەکەی ئەویش هەروا لێی دەدا و بەردەوام پەیام و کورتەنامەمان دەربارەی دۆزینەوەی 'نامە شووشەییەکەی 13 ساڵ پێشترمان' بۆ دەهات."

ئانیتا، لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی "بەیانیی ئایرلەندا" لە ڕادیۆی ئاڕ تی ئی، گوتی: ئەودەم ئێمە گەنج بووین و عاشقی یەکتر بووین. پاش ئەو هەموو ساڵە خۆشحاڵین بە دۆزینەوەی نامەکەمان و بێگومان، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دۆست و برادەری نوێ پەیدا بکەین.

ئانیتا، لە نەخۆشخانەیەکی نیوفاوندلاند پەرستارە و بارت، ماوەیەکی کورت لەمەوبەر، وەک پۆلیسی شاهانەی کەنەدا، خانەنشین بووە. 

مارتا فاریل، لە کۆمەڵەی ماهاریس بۆ پارێزگاری لە ژینگە و کەلەپوور، دەڵێت: پاش بڵاوبوونەوەی ئەم بەسەرهاتە، کەسانێکی زۆر پەیوەندییان پێمانەوە کردووە بۆ ئەوەی چیرۆکی ڕووداوەکانی سەردەمی بووک و زاوایەتییانمان بۆ باس بکەن. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment