سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی تەتەر و گوهدار شێخۆ دەکات

سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەردوو یانەی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، پیرۆزبایی لە پارێزگاری دهۆک و سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد.
یەکشەممە 13ـی تەمموزی 2025، سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی دهۆک و زاخۆ بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ هەر یەکە لە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قسەی کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە هەردوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وێرای پیرۆزباییکردن، سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە پارێزگاری دهۆک، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەردوو یانەی دهۆک، یانەی زاخۆ، راهێنەری هەردوو یانەکە، یاریزانانی هەردوو یانەکە و تەواوی وەرزشوانانی کوردستان کرد.
هاوکات، سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی زیاتری لە پاڵەوانییەتییەکان بۆ هەردوو یانەکە خواست و سوپاسی کردن.
شەوی شەممە 12ـی تەممووزی 2025، لە قۆناغی پێش كۆتایی جامی عێراق، یانەکانی دهۆک و زاخۆ، شكستیان بە یانەکانی شورتە و قوە جەویە هێنا، هەروەها بۆ یەكەمجارە دوو یانەی كوردستانی دەگەنە یاریی كۆتایی جامی تۆپی پێی عێراق.