هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی ئاوارەکان ساڵانە پێویستی بە 803 ملیۆن دۆلارە

لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 858 هەزار پەنابەر و ئاوارە بەسەر 27 کەمپدا دابەش بوون کە زۆرترینیان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆیان، ساڵانە پێویستی بە 803 ملیۆن دۆلار هەیە.
عەلی سەعید، بەڕێوبەری داتا وزانیارییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، بە کوردستان 24 ڕاگەیاند، لە کۆی 261 هەزار و 939 پەنابەر هەروەها 578 هەزار و403 ئاوارە، تەنیا دوو هەزار و 380 کەس لە ماوەکانی ڕابردوو گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
زۆربەی پەنابەرەکان خەڵکی سووریان و لە ساڵی 2014ـەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستاش لە کۆی 858 هەزار کەس تەنیا دوو هەزار و 380 کەسیان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە.
بەگوێرەی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 803 ملیۆن دۆلار هەیە، کە خەرجی ڕۆژانەی هەر یەکێک لە ئاوارە و پەنابەرەکان 2,6 دۆلارە و مانگانە دەکاتە 66 دۆلار.
هەروەها بەڕێوبەری داتا وزانیارییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان دەڵێت، سەڕەڕای ئەو کێشەو گرفتانەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دروستکردووە، هەوڵی تەواو دەدەین ژیانێکی شایستە و گونجاو بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان بڕەخسێنین.
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەرگای بەڕووی ئەو کەسانەدا کردووەتەوە کە لەبەر هەر بارودۆخێک، ڕوو لە هەرێمەکەمان دەکەن.
