وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکەی وەرتێ بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێدراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەسەر ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی سنووری شارەدێی وەرتێ.
دووشەممە، 14ـی تەمووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو، بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی سنووری شارەدێی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاووڵاتییەک بەناوی حسن رەحمان گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەکردن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، هاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکەینەوە کە مافی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت.