گرانیی نرخی نان تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیووە
نرخی یەک نانی سەنگەک گەیشتووتە 5 هەزار و 200 تومەن

لە ئێران، گرانبوونی نرخی نان دۆخی چینایەتیی کۆمەڵگەی زەقتر کردووەتەوە و حکوومەت بە فەرمی، نرخی نانی لە هەندێک لە شارەکان بە ڕێژەی %52 زیاد کردووە، لەگەڵ ئەمەشدا نانی جوان و کوالیتیی بەرز، زۆر لە نرخی دیاریکراو، گرانتر دەفرۆشرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، بڕیاری گرانکردنی نرخی نان، زەبرێکی نوێیە لە سفرەی بەتاڵی کرێکاران، بەرزبوونەوەی نرخی کیلۆیەک برنج بۆ 300 هەزار تومەن و کیلۆیەک گۆشت بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن تومەن، دەمێکە سفرەی زۆرینەی ماڵە کرێکارەکانی تەنیا بە نانی وشک ڕازاندووەتەوە.
محەممەد جەواد کەرەمی، سەرۆکی گرووپی کاری ئارد و نان، بەو ئاژانسەی گوتووە: نرخی نانی خۆماڵیی لە پارێزگاکانی قوم، خوراسانی ڕەزەوی، هەمەدان و گەیلان زیاد کراوە و لە تاران و پارێزگاکانی دیکەش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت.
کەرەمی هەروا گوتی: بە پێی یاسا، وەزارەتی ناوخۆ زیادکردنی نرخی نانی خۆماڵی داوەتە دەست پارێزگاکان و ئەوانیش پاش هەڵسەنگاندنی بابەتەکە لە لایەن پسپۆڕانەوە، نرخەکە ڕادەگەیەنەن. لە هەندێک لە پارێزگاکانی ئێران، نرخی هەر نانێک زیاتر لە %50 گرانتر بووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی جەنگ و پاش جەنگ، زۆرێک لە کرێکاران کارەکانیان لە دەست داوە و یان هەندێک لە پاداشت و پارەی زیادەکارییان لێ وەرگیراوەتەوە.
کرێکارێکی فڕۆکەخانەی میهرئاباد دەڵێت: بە هۆی کەمبوونی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە، ئیتر پارەی زیادەکاری و پشووەکانمان نادرێتێ، مووچەکەمان چەند ملیۆن تومەن کەمیی کردووە. هەروەها لە بارەی گرانی نرخی نان دەڵێت: من کرێکارێکی فەرمیی حکوومەتم و ئێستا بە 22 ملیۆن تومەن مووچەی مانگانە لە ئەرکدام، ئیتر ناتوانم لە هەفتەیەکدا زیاتر لە دوو ژەم برنج بخۆم. ئێمە زیاتر نان دەخۆین و گرانیی نان، وای کردووە سفرەکەمان بچووکتر ببێتەوە. ئەمە حاڵی منە، دەبێ کرێکارێکی ڕۆژانەکار و ئەوانەی لە کەرتی خانووبەرە کار دەکەن، گوزەرانیان چۆن بێت؟
لە چەند پارێزگایەک وەک ئیسفەهان و ئاراک، هەواڵی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە هەندێک لە کۆمپانیاکان، بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە، دەستیان بە دەرکردنی کرێکارە گرێبەستەکان کردووە؛ ئێستا خەڵک دەپرسن، بۆ دەبێ لەم کاتەدا حکوومەت بڕیاری گرانیی نان بدات؟ ئایا باری ئابووریی هێندە سەخت بووە، کە تەنانەت دەست بۆ بڕینی هاوکاریی خۆراکیی خەڵک ببرێت؟!.
عەباس میرزاد، یاریدەدەری ئابووریی پارێزگای ئیلام، ڕایگەیاندووە "گرانبوونی نان پەیوەندیی بە بڕینی هاوکاریی خۆراکییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاتوچۆ و گواستنەوە، بیمە و ماددە سەرەکییەکانەوە هەیە." میرزاد، هەروا گوتوویەتی "هێشتا زیادکردنی نرخەکان بە شێوەیەکەی فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام نرخی نان لە ناوەندی پارێزگاکان تا %52 و لە شارۆچکەکانیشدا تا %42 بەرز بووەتەوە."
بە گوێرەی دوا زانیارییەکان، لە شاری قوم نرخی یەک نانی سەنگەک گەیشتووتە 5 هەزار و 200 تومەن، نانی ئۆتۆماتیکی بە 4 هەزار و 650 تومەن و نانی لەواشیش بە 920 تومان دەفرۆشرێت.
مورتەزا حەیدەری، یاریدەدەری قایمقامییەتی مەشهەد، بەرزبوونەوەی نرخی نانی بە ڕێژەی %52 پشتڕاست کردووەتەوە و هۆیەکەشی گەڕاندووتەوە بۆ زیادبوونی کرێی کرێکاران و تێچووی بیمە.
هەفتەی ڕابردوو، مەهدی ئومێدەوار، گوتەبێژی ژووری بازرگانانی ئێران، دەربارەی ئەوەی هاوکاریی حکوومەت بۆ نانەواخانەکان بڕاوە و ئاردیش گران بووە، بە شێوەیەکی فەرمیی هەواڵی گرانتربوونی نانی ڕاگەیاند و بۆ یەکەمجار دەستەواژەی "نانی چینایەتیی" بەکار هێنا کە بووە مایەی ڕەخنەی خەڵک. ئەو گوتبووی: من لام وایە، خوا یار بێت، کارێکی وا دەکەین ئەوانەی دەیانەوێ نانی باش و تازە بکڕن، بە ئاسانی بتوانن بیکڕن و بۆ خەڵکانی کەمداهاتیش هاوکاریی ماددی دابین دەکەین!
گرانبوونی نان، زەبرێکی قورس و کاریگەرە لە سفرەی بەتاڵی کرێکارانی ئێران، عەلی ڕەزا خوڕەمی، چالاکی بواری کرێکاران لەم بارەوە بە ئاژانسی ئیلنا ی ڕاگەیاند "ئێوە تەنیا باسی گرانیی نان مەکەن؛ پاش جەنگی 12 ڕۆژە، نرخی گەلێ ماددەی خۆراکی تر، زیاتر لە %50 زیادی کردووە. هەر بۆ نموونە، پێش جەنگ کیلۆی برنجی ئێرانی لە نێوان 180 تا 200 هەزار تومەن بوو، بەڵام لە ماوەی دوو سێ هەفتەدا کیلۆی گەیشتووەتە 300 هەزار تومەن، ئەمە جگە لە زیادبوونی نرخی دانەوێڵە و میوە."
خوڕەمی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت نیازی چییە؟ بۆ دەبێت خەڵکی باجی تێچووی نانەواخانەکان و ماددە سەرەتاییەکان بدەن؟ بۆچی حکوومەت ناتوانی سادەترین ماددەی خۆراکی، واتە نان بۆ خەڵک دابین بکات؟ کرێکارانی سادە ئێستا کە ناتوانن برنج بخۆن، لای کەمی نانیان بۆ دابین بکەن.