ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن سەوزە و میوە دەهێندرێتە عەلوەی سلێمانی

ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن سەوزە و میوە دەهێندرێتە عەلوەی سلێمانی و سەدا 80ـی ئەو بەرهەمانە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، سەدا 20ـەکەی دیکەشی لە بازاڕی ناوخۆی کوردستان ساغ دەکرێنەوە، هاووڵاتییانی کوردستان خواستی زیاتریان لەسەر بەرهەمی ناوخۆییە، پێیان وایە تامی خۆشترە و نرخەکەشی گونجاوترە.
ئەیوب حەمە ئەمین، بازرگانی سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا وەرزی شوتی، کاڵەک، پیاز، خیار، تەماتە، قارچکە لە هەرێمی کوردستاندا، بازاڕەکان پڕ لەو بەرهەمە ناوخۆییانەن و لە دەرەوە هاوردە ناکرێن، بەڵکو پێویستی ناوخۆی بە زیادەوە پێ پڕ دەکرێتەوە.
ئەو بازرگانە دەڵێت: هەر بەرهەمێک کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، نزیکە 200 بۆ 250 دیناری گومرگ و باری هێنانی دەخرێتە سەر، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ناوخۆی کوردستان ئەو کرێ و گومرگانەی لەسەر نییە، دەشڵێت: بەرهەمی ناوخۆی کوردستان خواستی زیاتری هاووڵاتییانی لەسەرە.
ئەیوب حەمە ئەمین ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی میوە لە هەرێمی کوردستان کەمە، بۆیە هاوردە دەکرێت، بەتایبەتیش قەیسی، خۆخ و گێلاس، دەشڵێت: لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە عەلوەی سلێمانی بۆ بردنی کاڵەکی پێنجوێن.