یەکێتیی ئەورووپا پلانی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیا دادەڕێژێت

کایا کالاس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، هیوادارە بەم نزیکانە دەربارەی سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا ئەورووپاییەکان بۆ سەر ڕووسیا، ڕێک بکەون.
سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، ڕایگەیاند "هیوادارم بەم نزیکانە دەربارەی سەپاندنی پاکێجێکی نوێ لە سزا ئەورووپاییەکان، لە نێویاندا کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ڕووسیا، ڕێک بکەوین."
گفتوگۆ دەربارەی ئەو پاکێجە نوێیەی سزا ئەورووپاییەکان، بەهۆی ناڕەزایی سلۆڤاکیا سەبارەت بە پلانە جیاوازەکان بۆ ڕاگرتنی هەنگاو بە هەنگاوی هاوردەی غازی ڕووسیا و ڕەتکردنەوەی دیاریکردنی نرخەکەی لە لایەن ماڵتاوە، بۆ چەندان هەفتە دواخرا.
کالاس، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "هیوادارین ئەمڕۆ یان سبەینێ، لەسەر سەپاندنی پاکێجی ژمارە هەژدەی سزاکان بۆ سەر ڕووسیا، ڕێک بکەوین."
ڕۆبرت فیکۆ، سەرۆکی سلۆڤاکیا، کە لە حکوومەتی ڕووسیاوە نزیکە، ئاماژەی بەوە دا "ڕەنگە پاش گفتوگۆکانی برۆکسل دەربارەی پلانی ڕاگرتنی هاوردەی غازی ڕووسی لە کۆتایی 2027، لە هەندێک لە ناڕەزاییەکانی پاشگەز ببێتەوە."
بەرپرسانی ئەورووپایش دەڵێن: یەکێتیی ئەورووپا خەریکە دەربارەی نەخشەی کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیی هەناردەکراو بۆ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە، ڕێک بکەوێت.
پلانی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە نرخی هەناردەی نەوتی ڕووسیا هاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی (کۆمەڵەی 7) لە ساڵی 2022 دا دیارییان کردووە. ئەوەش بە ڕێگریی لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بیمە، کە مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن و بە نرخێکی زیاتر نەوتی ڕووسیا دەفرۆشنە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا.
یەکێتیی ئەورووپا تا ئێستا نەیتوانیوە قەناعەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ پشتگیریی پلانەکەی وە دەست بهێنێت.