وەزارەتی کارەبا: بەهۆی ڕەشەباوە کارەبای شارەدێی هێرۆ و گوندەکانی دەورووبەری پچڕاوە

بەهۆی ڕەشەبای ئێوارەی ئەمڕۆ، کارەبای شارەدێی هێرۆ و گوندەکانی دەورووبەری پچڕاوە و تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بەزووترین کات کارەبایان بۆ بگەڕێتەوە.
سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی ڕەشەبا لە گوندی گردەسبیان لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، شەش ستوونی کارەبای شکاندووە و تیمەکانی کارەبای ڕاپەڕین ئێستا لە شوێنی ڕووداوەکەن.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی کارەبای ڕاپەڕین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەبا بۆ دانیشتووانی ناوچەکە بگەڕێننەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران و ڕەشەبای گرتەوە و زیانی بە چەند ستوونێكی کارەبا گەیاند.