میدیای ئیسرائیل: ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کشانەوەی فراوان لە کەرتی غەززە

دانوستانەکان لەسەر ئاگربەستی غەززە لە قەتەر بەردەوامە و دەچێتە هەفتەی دووەمەوە.

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لە قەتەر بڵاوی کردەوە، "تەلئەڤیڤ  ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کشانەوەی فراوانتر لە کەرتی غەززە و نەرمی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ".

بەگوێرەی کەناڵەکە، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئیسرائیل، "پلانی نوێی کشانەوە لە کەرتی غەززە کە ئیسرائیل پەسەندی کردووە، کاتییە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نایەوێت دوای 60 ڕۆژی یەکەم کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت".

بەپێی دوو سەرچاوە کە لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەی زە جۆرزەلیم پۆست، داوە، ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیل نەخشەی سێیەمی جێگیرکردنی هێزەکانی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی ئاگربەستی پێشنیازکراوی 60 ڕۆژە پێشکەش کردووە.

خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و حەماس بریتین لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی ئاگربەست و شێوازی دابەشکردنی یارمەتییەکان لەناو کەرتی غەززە.

هەر بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی زە جۆرزەلیم پۆست، سێیەم پێشنیازی ئیسرائیل بۆ نەخشەی جێگیرکردنی ئاگربەست نەرمییەکی زیاتر نیشان دەدات سەبارەت بە شوێنی سەربازی بەدرێژایی سنووری غەززە و میسر، لە نێوان ڕێڕەوی مۆراگ و فیلادلفی.

هەروەها بەپێی ئەو پێشنیازە نوێیە، ئیسرائیل بوونی سەربازی خۆی بۆ ناوچەیەکی پارێزراوی دوو کیلۆمەتری بەدرێژایی سنووری باشوور لە نزیک شاری ڕەفەح کەمدەکاتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment