وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: کارەکانی تاپۆكردنی 761 كارتی دیكەی زەوی تەواو بووە

كارەكانی تاپۆكردنی 761 كارتی دیكەی زەوی تەواو بووە و وێنەی تۆمارەكانیان گەڕاونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان لە سنووری هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە و ئێستاش 761 كارتی دیكەی زەوی لە سنووری كانی قڕژاڵە تاپۆ كران و وێنەی تۆمارەكانیان گەڕاوەتەوە.

ڕاشیگەیاند "لە چوارچێوەی كارەكانی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشێك لە نەخشەی كەرتی (42 كانی قڕژاڵە) بەشی (57 ساطور) 761 كارتی دیكەی زەوی كارەكانی تاپۆكردنیان تەواو بووە و وێنەی تۆمارەكانیان گەڕاوەتەوە و ئێستا ئامادەن."

سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە قۆناغی یەکەمدا، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگا جیاوازەکان لە سنووری قەزای بەحرکە، دابەش دەکرێن.

هەروەها گوتیشی: ناوی 3003 فەرمانبەری سنووری بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر،بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.

لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان، یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دامەزرێندرا و تاوەكوو ئێستا نزیكەی 78 هەزار كارتی زەوی لە سنووری هەولێر و دەوروبەری تاپۆ كراون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment