نەبوونی ئاوەڕۆ دانیشتووانی زیقاری نیگەران کردووە

لە پارێزگای زیقار، کە پارێزگایەکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و بەتایبەتی بە نەوت، هێشتا ئاوەڕۆی بۆ چەند گەرێک نییە و ئاو لەناوەڕاستی گەرەکەکاندا ڕۆژانە هەڵدەستێت و مێش و مەگەزیش لەخۆی کۆدەکاتەوە.
ئەبو عەباس، دانیشتووی گەڕەکی حەکیم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەڕەکی حەکیم وەکو خۆتان دەیبینن وێرانە، هەموو چوار ساڵ جارێک بەرپرسان دێن ودواتر دیارنامێنن، لەکاتێکدا گەڕەکەکەمان تەنیا یەک کیلۆمەتر لەناوەندیی ناسڕیەوە دوورە. ئاوەڕۆمان نییە، ئاو لەسەر شەقام بڵاوبووەتەوە و چەندان نەخۆشی دروست کردووە.
دانیشتووی گەڕەکی حەکیم دەڵێت: بەڕاستی ماندووبووین، ماوەی چوار ساڵە فەرمانگە نەماوە نەچین و واژۆ نەماوە نەیکەین، بەڵام بەرپرسان نایەن بەلاماندا، نازانین هۆکارەکەی چییە، باشە لەم گەڕەکە ئەگەر ماڵێک ئاگری لێبکەوێتەوە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە چۆن دەگات؟ تا ئەوپەڕی سنوور ماندوو و بێئومێدین.
ئەبو ئەرشەد کازم، موختاری گەڕەکی حەکیم بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەم گەڕەکەی ئێمە هیچ خانوویەکی زیادەڕەوی تێدانییە، هەمووان تاپۆن، کەموکورتی زۆرمان هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر نەبوونی ئاوەڕۆیە، ئەمەش وایکردووە ئاو لە گەڕەک هەستێت، کەسێک لێرە نەخۆش دەکەوێت ناتوانێت لەماڵی خۆی بێتەدەرەوە.
سەرباری ئەوە پارە زەبەلاحەی بۆ پارێزگای زیقار خەرجکراوە، زۆرینەی گەڕەکەکانی هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە، هاووڵاتیانیش چاوەڕوانی بەڵێنی حکوومەتن، هەموو جاریش ئەم بەڵێنانە بەبێ کردار دووباردەبنەوە.