ئێران..بوومەلەرزەیەکی 5.1 ڕیختەری پارێزگای گولستانی هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 ڕیختەر پارێزگای گولستانی هەژاند و لە شارەکانی گورگان، گونبەدکاووس، عەلی ئاباد و بەندەرنەرگسیش هەستی پێ کرا.
یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 1 و 7 دەقیقەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 ڕیختەر پارێزگای گولستانی هەژاند. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی دامەزراوەی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران، چەقی بوومەلەرزەکە لە سنووری پارێزگاکانی گولستان و سمنان، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە.
قاسم غەریب ئابادی، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای گولستان، بە پەیامنێری 'ئیرنا'ی ڕاگەیاند "ماوەیەکی کورت پاش ڕوودانی بوومەلەرزەکە، تیمەکانمان بۆ فریاکەوتنی هاووڵاتیان و هەڵسەنگاندی بارودۆخەکە، گەیشتوونەتە جێ."
غەریب ئابادی گوتی: تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان دەربارەی زیانی گیانی وماڵیی بوومەلەرزەکە پێ نەگەیشتووە، بەڵام تیمەکانمان ئامادەی هەرجۆرە هاوکارییەکن.
بەرپرسانی پاریزگای گولستان، داوا لە دانیشتووان دەکەن، گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی تیمە فریاگوزارییەکان بن و ئارامیی خۆیان بپارێزن.