وشکەساڵی هەڕەشە لە بەنداوەکانی تاران دەکات

بارودۆخی سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی تاران بەهۆی وشکەساڵیی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمیی باران، گەیشتووەتە ئاستێکی نیگەرانکەر.
یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ئاوی تاران بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "وشکەساڵی و نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئاوی ژێرزەوی، بارودۆخی ئاوی تارانیان گەیاندووەتە ئاستێکی نالەبار. لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو بەنداوانەی ئاوی تاران دابین دەکەن، دڵخۆشکەر نین، بۆ نموونە، بەنداوی ئەمیرکەبیر تەنیا %38 ی پڕە و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو %58 ی بڕی ئاوی گلدراوەی کەمی کردووە. بەنداوی لار تەنیا %7 ی پڕە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی ئاوی گلدراوەی %38 کەمترە."
گوتەبێژی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران بە پەیامنێری ئیرنای گوت: بەنداوەکانی لەتیان و ماملو, تەنیا 20% ئاویان تێدایە و بەراورد بە ساڵی پار، بڕی ئاوی گلدراوەیان %47 کەمی کردووە و ئەمەش بە ئاستێکی مەترسیدار لە قەڵەم دەدریت. بەنداوی تاڵەقانیش %53 ی پڕە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی ئاوی گلدراوەی %32 کەمتر بووە.
کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاندووە "وشکەساڵییەکانی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمبارانیی پارێزگای تاران, بە توندی کاریگەری لەسەر دابینکردنی ئاوی تاران داناوە."
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم کۆمپانیایە، لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دابینکەری ئاوی تاران، هێندەی ئەمساڵ کەم نەبوونەتەوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەمئاوی، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین و گەرمادا، کۆمپانیاکە داوا لە دانیشتوانی تاران دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی لە باڵەخانەکاندا دەژین، کۆگەی ئاو و پەمپ لە ماڵەکانیاندا دابین بکەن.
پێشتر، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە، هۆشداریی لە وشکبوونی بەنداوی ماملوی تاران دا و ڕایگەیاندبوو "ئەگەر هەر بەم شێوەی ئێستا ئاو بەکار بهێنین، پاش مانگێکی تر، بەنداوەکە بە تەواوەتی وشک دەکات!"