کۆمپانیایەکی ئەمەریکی: تاکۆتایی ئەمساڵ یەدەگی عێراق بۆ 70 ملیار دۆلار دادەبەزێت

کۆمپانیای ' ستاندارد پوورس گڵۆباڵ کۆمۆدیتی ئینسایتس' کە کۆمپانیایەکە زانیاری لەبارەی وزە و کاڵا بڵاودەکاتەوە، ئاشکرای دەکات، عێراق لە نێو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
کۆمپانیاکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە، "ئەو ئاستەنگە داراییانەی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروست دەبن، دەکرێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت بۆ وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە تووشی سستبوونی گەشەی ئابووری نانەوتی بوون."
لە ڕاپۆرتکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، عێراق کە پشت بە داهاتی لە سەدا95ـی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی دارایی و پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، زۆرترین زیانی بەردەکەوێت.
ئەو کۆمپانیەیە پێشبینیشی کردبوو "یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، پێشبییەکەی وابوو لە ساڵی 2023 بۆ 2024، دراوی یەدەگی عێراق لە 102.3 ملیار دۆلار بۆ 87.05 ملیار دۆلار دابەزێت، دەشڵێت: تا کۆتایی ساڵی 2025، بۆ 70 ملیار دۆلار دادەبەزێت، ئەمەش نزیکی ئەو ئاستە دەبێتەوە کەپێویستی بە ڕێکاریی بەپەلە هەیە بۆ چارەکردنی دۆخی دارایی وڵاتەکە."
ڕاشیگەیاند، "دابەزینی نرخی نەوت بەخێرایی دەبێتە هۆی دابەزینی خێراتری دراوی یەدەگ، کە ڕەنگە پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجیی گشتی زیاتر هەبێت، ئەمەش ڕەنگە ناڕەزایەتی دژی حکوومەت لێبکەوێتەوە."