ساسان عەونی: پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر شاکارێکی تایبەتە بۆ هەولێر

وەزیری شارەوانی ئاماژە بەوە دەکات، پرۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر پێش وادەی خۆی تەواو بوو هەروەها پێویستە هاووڵاتییان ئاو بە فیڕۆ نەدەن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: پرۆژەکە پێش وادەی خۆی تەواو کرا، ئەم پرۆژەیە شاکارێکی گەورەیە بۆ هەولێری پایتەخت، 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنیت، هەزار و 370 بیر دادەخرێن، لە شەش ڕۆژی ڕابردوو 180 بیر داخراون تاوەکوو یەکی ئاب 300 بیر دادەخرێن، ئەم پرۆژەیە بۆ هەموو هەولێرە، چیتر هاووڵاتییان بە تانکەر ئاو ناکڕن، دیدگای سەرۆک وەزیران بۆ پرسی ئاو ستراتیژییە بۆ هەموو کوردستان، پرۆژەی ئاوی گۆپەتەپە و قوشتەپە کارەکانیان زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچن، هەروەها پێویستە هاووڵاتییان ئاو بە فیڕۆ نەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 10:00، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر کردەوە.
بە کردنەوەی ئەم پرۆژەیە دانیشتووانی هەولێر بۆ ماوەی 30ساڵ کێشەی بێ ئاویان نامێنیت.