نووری بێخاڵی " ڕۆژ لێرە بێتام درێژە " بڵاو دەکاتەوە

نووری بێخاڵی تازەترین بەرهەمی شیعری کە کۆکراوەی 100 تێکستی شیعرییە لە کتێبێکدا بڵاو کردەوە، هاوکات یەکەمین بەرهەمی شیعری 25 ساڵ پێش ئێستا بڵاوکردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، نووری بێخاڵی نووسەر و وەرگێڕ دەربارەی بەرهەمە تازەکەی بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پێنجەمین کتێبی شیعریم بە ناونیشانی " ڕۆژ لێرە بێتام درێژە " دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران، کتێبە شیعرییەکە قەبارە مامناوەندە و لە 240 لاپەرە پێکهاتووە.

بێخاڵی گوتیشی: کتێبەکە 100 تێکستی شیعری لە خۆ دەگرێت، ناوەڕۆکیان لە، فیکری، فەلسەفە و عیرفان پێکهاتووە، هەروەها لە تێکستەکاندا زمان وەک هەڵگری وەسف و وێنە و مۆسیقا وێنا کراوە و بە زمانێکی سادە نووسراون، بەڵام واتا و گوزارشتی قووڵی هەڵگرتووە.

بێخاڵی ئاماژە بەوە دەکات، یەکەم کتێبی شیعری لە ساڵی 2000 بەناوی شەڵاڵم بە عەتری ئێوارە بڵاو کردووەتەوە.

نووری بێخاڵی لە بواری نووسیندا خاوەنی 20 کتێبە بە ئامادەکردن و وەرگێڕانەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment