تاران.. چوارشەمەی داهاتوو بەهۆی گەرما و کەمئاوییەوە کرایە پشووی فەرمی

حکوومەتی ئێران، بە هۆی گەرما و کورتهێنانی ئاو و کارەبا، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی لە پارێزگای تاران کردە پشووی گەرمی.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بە هۆی بەردەوامبوونی گەرما و پێویستیی کەمکردنەوی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا، ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە پارێزگای تاران پشووی فەرمییە.
موهاجیرانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پشووە دەرفەتێکە بۆ حەسانەوە لە ماڵەوە، یان چوونە گەشت. جەختیشی کردەوە، پێویستە هاووڵاتییان ڕەچاوی ڕێنماییەکان بکەن و دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن.
لای خۆیەوە فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ڕایگەیاند: کێشەی کەمئاوی لە تاران گەیشتووەتە ڕادەیەک کە لە 60 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە و یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران، گەیشتووەتە کەمترین ئاست.