ئاگر باشووری عێراقی گرتووەتەوە و لە ماڵەکان نزیک دەبێتەوە

شایەدحاڵەکان لە پارێزگای زیقار ڕایدەگەیەنن، ئاگر لە باخەکانی ناوچەی( ئال بوعەزەم)ـی باشووری شاری ناسریە کەوتووەتەوە و تا ئێستاش نازاندرێت هۆکارەکەی چییە.

هاووڵاتییانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ئاگرەکەی کەوتووەتەوە، کشتوکاڵ و زەوی ئەو ناوچانەی سووتاندووە کە بە نایاسایی دروستکراون، دەشڵێن: ئەو زەوییانە بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی دامەزراوەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ بە خەڵکێک دراوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا، زەوییەکان دووچاری سووتان و لەناوچوون دەبنەوە، ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو کڕین و فرۆشتنەی بە زەوییەکانی ناوچەکە دەکرێت، جگەلەوەی بەدەر لە یاسایە و بەپێی ڕێنمایی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نییە، کاریگەریی  لە ژینگەی گوندەکانیش کردووە، دامەزراوەکانی حکوومەتیش لەزیقار، لەئاست ئەم سەرپێچییە ڕوون و ئاشکرایەدا، بێدەنگ و هەڵوێستە، چونکە بەرپرسانێک هەن بە بەرتیل کارەکانیان ڕایی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئاگرێکی گەورە لە باخەکانی ناوچەی( ئال بوعەزەم) لە ناحیەی ئەلفەزیلە کەوتووەتەوە و خەریکە ئاگرەکە دەگاتە ماڵەکانی نزیک لە ئاگرەکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی خامۆشکردنی ئاگرەکە دەدەن، لەگەڵ ئەوانیش هاووڵاتییانی ناوچەکە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکەن، سەرباری ئەوەی کەرەستەی زۆر سەرەتایی بۆ خامۆشکردنی ئاگرەکە بەکاردێنن، چونکە ترسیان لەوە هەیە ئاگرەکە بگاتە ماڵەکانیان.

تا ئێستا دامەزراوە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment