كرێكارانی نهینهوا كاریان دهستناكهوێت؛ "ڕۆژانە بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێینەوە ماڵەوە"
كرێكارانی نهینهوا كاریان دهستناكهوێت و سهندیكای كرێكارانیش دەڵێت: له پارێزگاکە وهبهرهێنان نییه، ئەگەر هەشبێت، کۆمپانیاکان هەماهەنگیمان لەگەڵدا ناکەن.
ڕۆژانه لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، سەدان كرێكار، بە كاتژمێر لهبهر گهرمای بەتینی هاوین دەمێننەوە تا کاریان دەستبکەوێت، كهچی زۆربهی ڕۆژهكان بە دەستی بەتاڵەوە و بێكار دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ساڵح زەیدی، کرێکارێکی مووسڵە و بە دەرمان باعەدری پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لێرە کار نییە، ئەگەر کاریش هەبێت، ڕۆژانە چوار بۆ پێنج هەزار دینارت پێ پەیدا دەکرێت؛ ئەمە دوو مانگە تەنیا ئەمڕۆ کارم کردووە."
کاتێک بەنێو جاددە و بازاڕەکانی مووسڵدا دەگەڕێیت، ژمارەیەکی زۆری گەنجی خوار 18 ساڵ و تەنانەت بە تەمەنەکانیش دەبینیت کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، لە کار دەگەڕێن و هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت.
محهممهد عەباس، کرێکارە و ڕەخنە لە حکوومەتی فیدراڵی دەگرێت بەوەی هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێنێت؛ دەشڵێت: "ڕۆژانە لەبەر گەرمای بەتینی هاوین دەمێنینەوە تاکوو کارمان دەستبکەوێت، بەڵام نییە. هیچ بەرپرسێک گرنگی بە کرێکاران و هەژارانی نەینەوا نادات، ئەگەر ئەوەیان کردبا، ئێستا بارودۆخمان بەم شێوەیە نەدەبوو."
بە گوتەی چاودێران، یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی هەلی کار لە سنووری پارێزگای نەینەوا، نەبوونی هەماهەنگییە لە نێوان یەکێتیی سەندیکای کرێکاران و حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە و وەبەرهێنەرەکاندا.
مەروان قەساب، جێگری سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی نەینەوا ئاماژە بەوە دەدات "ئەو کۆمپانیایەی بۆ وەبەرهێنان و کارکردن دێنە پارێزگاکەمان، هیچ هەماهەنگییەکمان لەگەڵدا ناکەن؛ لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی وەبەرهێنان لێرە، بە بەراورد بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، زۆر کەمە."
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 200 هەزار کرێکار لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەن، بەڵام تەنیا 36 هەزار کەس وەک کرێکار ناوی خۆیانیان تۆمار کردووە.