پزیشکیان: قەیرانی ئاو لەوەی ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت، جددیترە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: قەیرانی ئاو لەوەی ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت، جددیترە و ئەگەر هەر لە ئێستاوە بیرێکی خێرای لێ نەکەینەوە، لە داهاتوودا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی یەکجار سەخت دەبینەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕایگەیاندووە "قەیرانی ئاو، لەوەی ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت، جددیترە و ئەگەر هەر ئەمڕۆ بیرێکی خێرای لێ نەکەینەوە، لە داهاتوودا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی نالەبار و بێچارەسەر دەبینەوە. ئێمە دەبێ سەرەڕای چۆنییەتی بەڕێوەبردن و دارشتنی پلان، سنوورێک بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی ئاویش دیاری بکەین."
سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بۆ دابینکردنی ئاوی تاران، دەبێت چارەیەکی بنەڕەتی بدۆزینەوە و پێداچوونەوە بە شێوازی بەکارهێنای ئاو بکەین، ئەگینا کێشەکە بە ئاسانی چارە ناکرێت. دەبێت ئەوەش ڕوون بکرێتە کە تەنیا بە گواستنەوەی ئاو لە بەنداوەکانەوە بۆ تاران، قەیرانی ئاو بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارە ناکات.
پزیشکیان هەروا گوتی: نابێت چی دی ڕێگە بدرێت ئەو دامەزراوە پیشەسازییانەی لە تاران کاردەکەن و ئاوی زۆر بەکار دەهێنن، پرۆژەی گەشەپێدان جێبەجێ بکەن. ناوچەکەمان بە گشتیی دووچاری قەیرانێکی سەختی کەمئاویی بووەتەوە و دەبێت پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوکار بین.