شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرمای بەتین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی کاریگەریی شەپۆلێکی گەرما لە زەریای هیندی پێشبینی دەکرێت لە سبەینێ ڕۆژی سێشەمەوە، 22ـی تەممووزی 2025، پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرز ببنەوە.
محەممەد کەمال گوتیشی: پلەکانی گەرما بەراورد بەرۆژانی ڕابردوو 6 بۆ7 پلە بەرز دەبنەوە و بۆماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەبەرزی دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک کات خێرایی با چالاکی ئەبێت و گڕەبا دروست دەکات بەتایبەت سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
ئەو شارەزایەی کەشناسیی دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت لەم شەپۆلە گەرمایەدا بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان و دەورووبەری تۆمار بکرێت و دەگاتە 50 بۆ51 پلەی سیلیزی. هەروەها لە هەولێریش دەگاتە 49 پلەی سیلیزی.