بە فەرمی ئەحمەد یاسین گەڕایەوە خولی سویدی
بۆ جاری چوارەم درێسی یانەكەی پێشووی پۆشییەوە

ئەحمەد یاسین بەفەرمی یانەی زاخۆی جێهێشت و گەڕایەوە یانەی ئۆریبرۆی سویدی، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم هێرشبەرە كوردە بۆ جاری چوارەمە درێسی ئەو یانەیە دەپۆشێتەوە.
یانەی ئۆریبرۆ بەفەرمی رایگەیاند گرێبەستێکیان تاکو کۆتایی ئەم وەرزەی خولی سوپەرتانی سوید لەگەڵ ئەحمەد یاسین واژۆ کردووە، ئاماژە بەوە کراوە ئەم یاریزانە 34 ساڵیە بۆ جاری چوارەمە دەگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی.
ئەستێرە کوردەکە لە یەکەمین لێدوانی دوای گەڕانەوە بۆ یانەی ئۆریبرۆ دەڵێت: "هەست بە دڵخۆشی و سەلامەتی دەکەم لە گەڕانەوەم بۆ ماڵەکەم و بۆ ئەو یانەیەی خۆشم دەوێت، بە هەموو توانام هەوڵ دەدەم بۆ گۆڕینی دۆخی یانەکە"
گەڕانەوەی ئەحمەد یاسین لە کاتێکدایە یانەی ئۆریبرۆ بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و لە خولی سوپەرتانی سوید لە کۆی 15 گەڕدا تەنیا 10 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە کۆی 16 یانە لە خانەی پازدەمی ریزبەندی دەبینرێت.
ئەحمەد یاسین جاری چوارەمە درێسی یانەی ئۆریبرۆ دەپۆشێت و لە سێ سەردەمی جیاواز 150 یاریی بۆ ئەم یانەیە کردووە.
ئەحمەد یاسین هەفتەی رابردوو دوایین یاریی خۆی بە درێسی یانەی زاخۆ لە یاریی کۆتایی جامی عێراق بەرامبەر دهۆک ئەنجام دا و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ زاخۆ گەڕایەوە یانەکەی پێشووی. ئەستێرە کوردەکە لەگەڵ زاخۆ بەشداریی لە 23 یاریی کرد و توانی 4 گۆڵ و 4 ئەسیست تۆمار بکات.


