ڕەشت.. بازاڕێک سووتا و 19 کەس بریندار بوون

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک ئاگر لە بازاڕێکی شاری ڕەشت لە باکووری ئێران، کەوتەوە و لە ئەنجامدا 19 کەس بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، بەهۆی تەقینەوەی غاز لە بازاڕێکی شەقامی باهونەر لە شاری ڕەشت، 19 کەس بریندار بوونە و ژمارەیەک دوکان و ناوەندی بازرگانی زیانی زۆریان بەرکەوتووە. 

شەهرام موئمنی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ڕەشت، بە پەیامنێری تەسنیم ی گوتووە: 6 تیمی ئاگرکوژێنەوەی پێکهاتوو لە 27 کارمەند، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

موئمنی ڕایگەیاندووە "ئاگرەکە، پاش چەند کاتژمێریک کۆنترۆڵ کراوە و 19 بریندارەکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان. بە خۆشحاڵییەوە هیچ کەسێک لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا نەمردووە."

سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ڕەشت، جەختیشی کردەوە " تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەردەم ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە و فریاکەوتنی هاووڵاتیانن."

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێری تەسنیم، بازاڕەکە، چەندان دوکانی زێڕنگەری، ناوەندی فێربوونی زمان و هۆڵی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی تێدا بووە و هێزی تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بووە کە زیانی زۆری گەیاندووەتە دوکانەکانی دەرەوەی بازاڕەکەش. 

 

Fly Erbil Advertisment